حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌س ناتوانێت به‌تاكڕه‌وی بڕیار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم بدات، ده‌شڵێت ده‌بێت ده‌ستوری هه‌رێم بۆ یه‌كخستنه‌وه‌و یه‌كڕیزیی و ئاشتكردنه‌وه‌ی ناوماڵی كورد بێت نه‌ك دوورخستنه‌وه‌و لێكترازان.
تادێت ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم به‌تایبه‌تی له‌نێوان سه‌ركرده باڵاكانی نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستور، په‌ره‌ده‌سه‌نن و له‌تازه‌ترین پێشهاتیشدا، حاكم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، رایگه‌یاند، ده‌بێت ده‌ستوری هه‌رێم بۆ یه‌كخستنه‌وه‌و یه‌كڕیزیی و ئاشتكردنه‌وه‌ی ناوماڵی كورد بێت، نه‌ك دوورخستنه‌وه‌و لێكترازان و ناته‌بایی، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ندێك له به‌رپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان دێت كه له‌چه‌ند رۆژی ڕابردوودا جه‌ختیان له‌نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستور كردبوو بۆ په‌رله‌مان.
حاكم قادر حه‌مه‌جان، له‌په‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، نوسیویتی، پڕۆژه‌ی ده‌ستور كارێكی سه‌ره‌تاییه بۆ بناغه‌یه‌كی ده‌ستوریی، تا ئه‌و كاته‌ی قۆناغه‌كانی به‌ده‌ستوركردن ده‌بڕێت، ده‌كرێ و شیاوه پڕۆژه‌ی ده‌ستور ده‌ستكاری و گۆڕانكاری تێدابكرێت، به‌تایبه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه هیچ ئه‌زموون و مێژویه‌كی یاسایی له‌وباره‌یه‌وه نییه، بۆیه پێویسته پێداچوونه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ر بكرێت، به‌و پێیه‌ی ده‌ستور به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان دیاریی ده‌كات بۆ ئێستا و داهاتووش.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، ده‌ستووری هه‌ر وڵاتێك كه ته‌واوكراوه و قۆناغه‌كانی بڕیووه‌و په‌سه‌ندیش كراوه، ده‌ستكاریكردن و گۆڕانكاریی تێدا (پاش ماوه‌یه‌ك) كارێكی ئاساییه كه‌له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌لدابێت، ئه‌گه‌ر بۆ ده‌ستوورێكی په‌سه‌ند و پیاده‌كراو پڕۆسه‌ی ده‌ستكاری و هه‌مواركردنی ئاسایی بێت، ئه‌وا بۆ پڕۆژه‌یه‌كی ده‌ستووری وه‌ك هه‌رێم پێویسته بپرسین بۆ نه‌توانرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت.
ئه‌م قسانه‌ی حاكم قادر، پاش دواین لێدوانه‌كانی هه‌ریه‌ك له مه‌سرور بارزانی و كه‌مال كه‌ركوكی، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دێن كه جه‌ختیان له‌سه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستور كردبوو بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌ی.
له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا، حاكم قادر ده‌ڵێت، پێویسته پڕۆژه‌ی ده‌ستور گوزارشت له ئیراده‌ی هه‌موو دانیشتوانی هه‌رێم بكات، كه‌سیش ناتوانێت به تاكڕه‌وی بڕیاری له‌سه‌ر بدات تا ته‌وافوقی نیشتمانی له‌سه‌ر نه‌كرێت و هه‌مووان له‌سه‌ری كۆك نه‌بن ئه‌گه‌رنا ده‌ستورێكی كه‌موكوڕ و ناته‌واو ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ناڕاسته‌خۆیه بۆ به‌شێك له‌به‌رپرسانی باڵای پارتی كه تائێستاش سورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستور و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان.