فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله ماوه‌ی 72 سه‌عاتی وه‌ك مۆڵه‌ت بۆ چه‌كدارانی پارێزگای دیاله دیاریكرد و به‌نیازه هه‌ڵمه‌تێكی ئه‌منیی گه‌وره له ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجام بدات.
له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی مه‌دا پرێس، عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله راگه‌یاند: “سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه كه له‌دوای رووداوه‌كانی حه‌ویجه چه‌كیان به‌رووی هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌ڵگرتووه، خۆیان و چه‌كه‌كانیان راده‌ست بكه‌ن، ئه‌گینا به ده‌ستی پۆڵایین لێیان ده‌ده‌ین و بۆ هه‌ر كوێ بچن دوایان ده‌كه‌وین و به‌هیچ جۆرێك به‌زه‌ییان به‌رامبه‌ر نانوێنین.”
عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی، ئاماژه به‌وه‌شده‌كات كه هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله له ئاماده‌باشیدان بۆئه‌وه‌ی له چه‌ند رۆژی داهاتوودا هه‌ڵمه‌تێكی ئه‌منیی گه‌وره ئه‌نجامبده‌ن كه سه‌ركرده باڵاكان كاتژمێری سفریان بۆ دیاریكردووه‌و هێزه هاوبه‌شه‌كانی پۆلیس و سوپاش به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن.
به وته‌ی عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله له هه‌ڵمه‌ته‌كانی پێشوو جیاواز ده‌بێت، چونكه به‌پێی پلانێكی تۆكمه و له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاریی هه‌واڵگریی ورد سه‌باره‌ت به مۆڵگه‌ی تیرۆرستان و سه‌ركرده‌كانی قاعیده جێبه‌جێ ده‌كرێت.