هه‌ردوو لایه‌نی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆن “یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی” به‌نیازی ده‌سه‌لاتن و رایده‌گه‌یه‌نن كه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شداری حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم ده‌كه‌ن.
محمه‌د حه‌كیم، وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به خه‌ندانی راگه‌یاند”كاك نه‌وشیروان پێیوایه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن زۆرینه‌ی ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو به‌ده‌ست ده‌هێنن و ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست، بۆیه دیاره لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن مافی خۆیانه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنن و ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرن”.
محمه‌د حه‌كیم وتی: “ئێمه پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی له‌ده‌سه‌ڵات به‌شدار بووین، له‌گه‌ڵ گۆڕانیش به‌شدار ده‌بین، به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی جاران، به‌ڵكو هه‌مومان شه‌ریك بین له ئیداره‌كردنی حكومه‌تی هه‌رێم”.
وته‌بێژه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی باسی له‌وه‌شكرد كه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن حكومه‌ت پێكده‌هێنن، وتیشی: “گۆڕان هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات گه‌ر وه‌كو یه‌كێتی و پارتی حزبه ئیسلامییه‌كان په‌راوێز بخات ،بۆیه ده‌بێت شێوازێكی تازه له حكومڕانی په‌یڕه‌و بكات”.
وتیشی: “پێموانیه به‌تایبه‌ت گۆڕان كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو پشتگوێ بخات، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا ئیسلامیه‌كان له‌هه‌موو جیهاندا گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاویان كردووه”.
لای خۆیه‌وه سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ووتی “هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن له‌ئێستاوه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه ڕێژه‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كان تا ئاستێكی به‌رچاو به‌ده‌ست بهێنن، به‌جۆرێك كه به‌بێ ئۆپۆزسیۆن نه‌توانرێت حكومه‌تی داهاتوو پێكبهێنرێت، به‌و مانایه‌ی بتوانین حكومه‌ت له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات به‌یه‌كه‌وه پێك بهێنرێت و كارنامه‌ی بۆ دابنرێت به‌و شێوه‌یه ده‌توانرێت سه‌ركه‌وتنی گه‌وره بۆ ئۆپۆزسیۆن تۆمار بكرێت”.
له‌باره‌ی په‌راوێزخستنیانه‌وه له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه له ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات، ناوبراو وتی: ” ئه‌و زه‌مه‌نه به‌سه‌رچوو كه به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌مزی به‌شداری له حكومه‌تدا بكه‌ین، گۆڕانیش ناتوانێت به‌بێ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو حكومه‌ت پێك بهێنێت”.
سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر باسی له‌وه‌شكرد كه “چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین كه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن سه‌رله‌نوێ هاوكێشه و نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بگرێت”.