بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی گەرمیان لە ماوەی یەک مانگدا لە سنووری گەرمیان بەھۆی ٣٠ رووداوی ھاتووچۆوە، شەش ھاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و ھەروەھا ٢٢٠ ھاوڵاتی برینداربوون. بە وتەی سەرچاوەیەکیش رێژەی رووداوەکان٥٠لەسەد کەمبۆتەوە. لێپرسراوی راگەیاندنی ھاتووچۆی گەرمیان مولازم کارزان مەجید راگەیاند؛ لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا “ئایار” لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ٣٠ رووداوی ھاتووچۆ تۆمارکراون کە بەھۆیانەوە شەش ھاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە و ھەروەھا ٢٢٠ ھاووڵاتی دیکەش برینداربوون کە ژمارەیەکیان ئافرەت و منداڵن.
مولازم کارزان ئاماژەشیدا بە پێی ئامارەکان، بەراورد بە ساڵی رابردوو، روداوەکان ٥٠ لە سەد کەمبۆتەوە، ئەمەش بەھۆی دابینکردنی کەرەستەکانی ھاتووچۆیە لە لایەن حکوومەتی ھەرێمەوە، ھەروەھا سەرکەوتوویی پلانی ھاتووچۆی گەرمیان بە تایبەت لە بۆنەکان و وەزری بەھاردا، ھاوکات وشیاربوونەوەی ھاووڵاتیانیش لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان ھۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی رووداوەکانە.