فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق ڕای گشتی خه‌ڵكی كوردستان و ناوچه‌كه و جێهان له پێشلیكارییه‌كانی پارتی ئاگادار ده‌كاته‌وه، ده‌شلێت داوای پاراستنی یاسا و حكومه‌تیان له‌پارتی كردوه ئاشكراشی ده‌كات تائێستا هیچ ئاماده‌كاریه‌كیان نیه بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ حزبێك كه په‌رله‌مانی داگیركردوه .
هۆشیار عه‌بدوڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند: هیچ نیه‌تێك نیه بۆ كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ پارتی دا و ئاماده نین له له‌گه‌ڵ حزبێكدا دابنیشن كه ڕیز له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و شه‌رعیه‌ت ناگرێت، مه‌رجی یه‌كه‌میان بۆ دانیشتن ئه‌وه‌یه په‌رله‌مان ده‌ست به‌كاره‌كانی خۆی بكاته‌وه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان ئێستا تۆپه‌كه له گۆڕه‌پانی پارتیدایه پێویسته یه‌كه‌م جار ده‌ست له‌داگیركردنی هه‌ولێر هه‌ڵبگرێت و دۆخه‌ئالۆزه‌كه ئاسایی بكاته‌وه و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی گۆڕان بگه‌ڕینه‌وه بۆ هه‌وڵیر.
ده‌شڵیت، كوده‌تا كردن به‌سه‌ر شه‌رعیه‌تدا واتا سڕینه‌وه‌ی پرۆسیه‌ی سیاسی، ئه‌وه‌ش حزبه‌كانی تریشی بێزار كردوه , هه‌رچه‌نده ئه‌و حزبانه‌ش له‌به‌ر پاراستنی ئه‌زمونی هه‌رێم له‌ڕووبه‌ڕووی دا ده‌نگ به‌رزناكه‌نه‌وه ، به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تیه‌كی به‌رفراوان له‌دژی كرده‌وه‌كانی پارتی په‌نگده‌خواته‌وه چونكه په‌رله‌مان و حكومه‌ت و هه‌موو بزاوتێكی سیاسی په‌كخستووه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا, پارتی كه‌وتوه‌ته قوژبنێكی به‌رته‌سكه‌وه به‌بێ بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیچ مافێكی یاسایی بۆ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان نیه‌و, ئێستا له‌ئیحراجیه‌كی گه‌وره‌دایه له‌سه‌ر هه‌ردو ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی و هیچ بژارده‌یه‌كی له‌به‌رده‌م نیه جگه له داوای لێبوردن له بزوتنه‌وه گۆڕان و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رمێزی گفتوگۆ.