سێ شه‌ممه‌ , ئایار 21 2024
You are here: Home / ئابورى / ئەمساڵ بۆرسەی كوردستان دەكرێتەوە

ئەمساڵ بۆرسەی كوردستان دەكرێتەوە

بازاڕی بۆرسەی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە شاری هەولێر بكرێتەوە، بە هاوكاری كۆمپانیایەكی ئەمریكی بەناوی گرووپی لویز بێرگەر دادەمەزرێ. كۆمپانیاكە لە مانگی ئاداری رابردوودا گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان مۆركرد و لە مانگی نیسانی رابردووشەوە لە كوردستان دەستی بە كارەكانی كردووە.
دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری و بازاڕی كوردستان تێكەڵی بازاڕەكانی جیهان ببێت
عەبدوڵڵا ئەحمەد، سەرۆكی بۆرسەی كوردستان بە (رووداو)ی گوت “دوای رەزامەندی ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی كوردستان لەسەر دامەزراندنی بۆرسەی كوردستان، دەستمان بە كارەكان كرد و ئومێدەوارین یەكەمین ئاڵوگۆڕی پشكەكان لە كۆتایی ئەمساڵ بكەوێتە كار”.
ناوبراو گوتیشی “ئێمە بەنیازین بەم نزیكانە زۆربەی كۆمپانیا خۆماڵییەكان بانگهێشت بكەین، تاوەكو كار بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای هاوبەش بكەین، چونكە بۆرسە سەركەوتوو نابێت ئەگەر كۆمپانیای هاوبەش نەبێت”.
بەپێی ئەو گرێبەستە، كۆمپانیا ئەمریكییەكە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك كاری راوێژكاری لەگەڵ ستافی بۆرسەكە دەكات و لەرووی تەكنیكیشەوە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دامەزراندنی ئەو بازاڕە، هەروەها كۆمپانیایەكی بیانی دیكەش سیستەمی بازاڕی بۆرسەكە دادەنێت.
بەپێی قسەی سەرۆكی بۆرسەی كوردستان، هێشتا پرۆسەی تۆماركردنی ناوی كۆمپانیا خۆماڵییەكان دەستی پێنەكردووە سەبارەت بە بەشداریكردنیان لەو بۆرسەیە، بەڵام ناوبراو رایگەیاند كە هیوادارن هەتا كردنەوەی ئەو بازاڕە 15 بۆ 20 كۆمپانیای هاوبەشی خۆماڵی دروستبكەن.
ئیدریس رەمەزان، مامۆستای زانكۆ و ئابووریناس، پێیوایە كە دامەزراندنی بۆرسەی كوردستان وادەكات ئابووری كوردستان بەڕووی جیهاندا بكرێتەوە.
مامۆستا ئیدریس گوتی “كردنەوەی بۆرسە لە كوردستان ئابووری هەرێم دەكاتەوە و بازاڕیش چالاكتر دەكات. هەروەها كردنەوەی ئەم بۆرسەیە وا دەكات كۆمپانیا ناودارەكان كە لە كوردستان كار دەكەن بەشداری ئەو بۆرسەیە بكەن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری و بازاڕی كوردستان تێكەڵی بازاڕەكانی جیهان ببێت”.
بۆرسە سەركەوتوو نابێت ئەگەر كۆمپانیای هاوبەش نەبێت
چاوەڕێ دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا ستافی بازاڕی بۆڕسەی كوردستان لەلایەن كۆمپانییە ئەمریكییەكە مەشق و راهێنانیان پێبكرێت. هەروەكو بەرپرسی بۆرسەكەش ئاشكرای كرد، ئامانجیان ئەوەیە لەكاتی كردنەوەی بازاڕەكە بە دەیان كۆمپانیای خۆماڵی بەشداری لەبۆرسەكەدا بكەن.
عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی “سەرمایەی كۆمپانیای هاوبەش هێشتا دیاری نەكراوە، بەڵام ئەوە روون و ئاشكرایە كە پێویستە سەرمایەی كۆمپانیا بەشداربووەكان سەرمایەیەكی گەورە بێت و دەبێ هەموو كاروبار و فایلەكانیشیان شەفاف بن”.
هەر سەبارەت بەكردنەوەی یەكەمین بۆرسەی كوردستان، بالجیت ڤاهورا، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای گرووپی لویز بێرگەری ئەمریكی، رایگەیاند پلانیان ئەوەیە ئەو بازاڕە بكەنە بۆرسەیەكی جیهانی “ئێمە پلانی كاركردنی ئەو بۆرسەیەمان خستووەتە واری جێبەجێكردنەوە و ئامانجیشمان ئەوەیە كە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە بەتەواوەتی بۆرسەكە بكەوێتە سەر كار و دواتریش هەوڵدەدەین رۆڵی بازاڕەكە فراوانتر بكەین”.

About admin

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Scroll To Top
Marquee Powered By Know How Media.